سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبێتەوە

PM:06:29:31/08/2026

648 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ڕایگەیاند، ئەم ئێوارەیە چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانیی زۆرینەی لایەنە شیعەکان و کاندیدانی وەزارەتەکان کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی وەزارەتە بەتاڵەکان و تەواوکردنی کابینەی وزارییە.


ئەمڕۆ دووشەممە، ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، فیراس موسڵماوی، وتەبێژی کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئەم ئێوارەیە چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانیی زۆرینەی لایەنە شیعەکان و کاندیدانی وەزارەتەکان کۆدەبنەوە، بەتایبەت کە ڕێککەوتنی پێشوەختە لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەدا کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی لە قۆناغی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانی نزیک بووەتەوە و بڕیاریشە لایەنەکانی تر لیستی کاندیدەکانیان پێشکەشی سەرۆک وەزیران بکەن؛ هاوکات پێویستە ئەو ناوانەی پێشکەش دەکرێن جێگەی قبووڵکردن بن و مشتومڕیان لەسەر نەبێت.

وتیشی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەو لیژنە سێ کەسییەی تایبەتە بە ئیدارەدان و ڕێکخستنی چەک (بە مەبەستی داماڵینی چەکی گرووپە شیعەکان)، ڕاپۆرتی تایبەتی خۆیان سەبارەت بە ئەنجامی کار و گفتوگۆکانیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و دوایین هەڵوێستی حکومەت بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەخەنە ڕوو.

ڕوونیشی کردەوە، "وەکو کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات)، لە پۆستەکانی حکومەتدا یەک کورسیی وەزارەت یاخود پۆستی جێگری سەرۆک کۆمارمان بۆ ماوەتەوە، هەروەها لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتوون لەسەر کاراکردنەوەی پۆستی جێگرەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت، کە دوو جێگر بۆ هەر یەکێکیان دیاری دەکرێت".













گەلەری