سەردێڕ:

بریندارێکی رووداوە سەختەکەی کەسنەزان گیانی لەدەستدا

PM:03:06:31/08/2026

940 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکێک لە بریندارانی ڕووداوە هاتووچۆکەی ڕێگای کەسنەزان، دوای حەوت ڕۆژ مانەوەی لەژێر چاودێریی چڕدا، گیانی لەدەستدا.


سالار فارووق یەکێک بوو لە نۆ بریندارەكەی ڕووداوە هاتووچۆکەی رێگای کەسنەزان لە هەولێر، ماوەی حەوت ڕۆژە لە یەكێك لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر لەژێر چاودێریی چڕدا بووە و ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا و بووە دووەم حاڵەتی مردنی ڕووداوەكە.

بە وتەی تەندروستی هەولێر، لە ئێستادا بۆ تەواوكردنی مامەڵە كارگێڕییەكان و ئەنجامدانی پشكنینی توێكاری جەستەیی، تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادیی هەولێر كراوە و دۆخی تەندروستی هەشت بریندارەکەی دیکەش تا ڕاددەیەك جێگیرە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆریان لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە.

ئەوەش دوای ئەوەی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ـی ئابی ٢٠٢٦، ڕووداوێكی هاتووچۆی سەخت، لەسەر ڕێگەی سەرەكیی كەسنەزان بەرەو هەولێر ڕوویدا، ئەو كاتەی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە ١٠ ئۆتۆمبێلدا كێشا، كەسێك دەستبەجێ بەو ڕووداوە گیانیان لەدەستدا و نۆی دیكەش بریندار بوون كە برینی بەشێكیان سەختە، چوار ئۆتۆمبێلیش بەتەواوی گڕیان گرت و زیانی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەكانی دیكە كەوت.

لەبارەی ڕووداوەكە، عەقید هێمن ئەمین، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر وتی، بەپێی هێڵكارییەكانی هاتووچۆ، شۆفێری بارهەڵگرەكە كە بە بارێكی قورسەوە بەرەو هەولێر دەهات، هۆكاری سەرەكیی ڕووداوەكە بووە، ئەوكاتەی ستۆپی نەماوە و كۆنترۆڵی لەدەستداوە.













گەلەری