سەردێڕ:

٣٠ ساڵ بەسەر ٣١ـی ئابدا تێپەڕی؛ لەو ڕۆژەدا چی روویدا؟

AM:11:37:31/08/2026

1148 جار خوێندراوەتەوە

٣٠ ساڵ تێپەڕی بەسەر ٣١ـی ئابدا، ئەو رۆژەی پارتی تانکەکانی سوپای عێراقی هێنایە سەر پەرلەمانی کوردستان، ئێستاش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە هەڵبژاردن هێشتا پارتی ئامادە نیە بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پۆستە سیادیەکان رادەستبکات و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.


سەرەتایی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٤، شەڕى یەکێتى و پارتى لە قەڵادزێوە دەستى پێکرد، پاشانیش پریشکی ئاگرەکە پەرەی سەند و ناوچەکانى دیکەى گرتەوە، تا لە سەرەتاى ساڵى ١٩٩٥ گەڕی دووەمى شەڕ دەستیپێکردەوەو لە 15ى کانوونى دووەمى هەمان ساڵدا باڵانسى هێز بەلاى یەکێتیدا شکایەوە و هێزەکانى ئەو حزبە توانییان شارى هەولێر کۆنترۆڵ بکەن.

لە شەوی ١٧ـی ئابی ١٩٩٦ـیشدا خولی سێیەمی شەڕی ناوخۆ لە رەواندوزەوە دەستی پێکردەوە، بەڵام وەک باس دەکرێت شەرەکانى ئەم جارە جیاواز بوو لەوانى دیکە، چونکە شەڕى یەکلاکەرەوە و سڕینەوەى یەکتربوو، سەرەتا یەکێتی پێشڕەوی کرد بەڵام دواتر و لە ٢٢ـی ئاب مەسعود بارزانى بە نامەیەک لەڕێگەى هەواڵگریی عێراقەوە داواى هاوکارى لە سەدام حسێن کرد و ئەویش قبوڵى کرد. بەڵام بەپێی گێڕانەوەی خۆی بارزانی دەڵێت، دوای ئەوەی دەرکەوت ئێران هاتووەتە شەڕەکەوە، سەدام حسێن، بەڕێوەبەری هەواڵگری خۆی ناردووەتە کوردستان و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستێوەردانەکانی ئێران.

بەرەبەیانى ٣١ـی ئاب ١٩٩٦، هێزێکى زۆرى فرقەکانى یەک و پێنجى پاسەوانى کۆمارى بە چاوساغى پارتى لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیانکردەسەر هەولێر و دواى شەش کاتژمێر کۆنترۆڵیان کرد و یەکێتى کشایەوە تا سنووری پێنجوێن و ناوچەکانی دەوروبەری.

جەلال تاڵەبانیش سکرتێری کۆچکردووەی یەکێتی لە کتێبی دیداری تەمەندا دەڵێت، پارتی زۆر هەوڵیدا بە تەنها هەولێر بگرێتەوە بەڵام نەیتوانی، بۆیە پەنای بۆ عێراق برد.

رووداوی ٣١ـی ئابیش هاوشێوەى ڕوداوەکانى دیکە، نەک تائێستا هیچ کەس و لایەنێکیان لەسەر سزا نەدراوە، بەڵکو هەندێک جار بەشێک لە بکەرانى ڕوداوەکان بە خاڵى بەهێزى خۆیان وەسفى دەکەن و شانازى پێوە دەکەن. دوای ٣٠ ساڵ لەم روداوەش هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسیدایە و دوای نزیکەی دوو ساڵ لە هەڵبژاردن حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە و پەرلەمان پەکخراوە. پارتی هێشتا ئامادەنیە هەڵەکانی خۆی راستبکاتەوە و ئیستاش ئامادەنیە پۆستە سیادییەکان رادەست بکات و بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن حکومەت و پەرلەمان پێکنەهینراوە.













گەلەری