سەردێڕ:

لێدوانی وەزیری پەروەردە لەبارەی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن

AM:11:32:31/08/2026

1164 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی هەرێم دەڵێت، سبەی مامۆستایان پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندنەوە دەکەن و پرۆسەیەکی فراوانی راهێنان دەستپێدەکات و دەشڵێت، نزیکەی ٢٠ ملیۆن کتێبی نوێی پڕۆگرامی خوێندن چاپکراون.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو و رایگەیاند، لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە هەنگاوە کردەییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان دەستیان پێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە کارە لەپێشینەکان، چاپکردنی کتێبی نوێ بووە کە نزیکەی ٢٠ ملیۆن کتێب چاپ کراون و وتیشی، "تا ئێستا ٩٠٪ـی کتێبەکان گەیشتوونەتە کۆگاکانی شار و شارۆچکەکان، ئەگەر بارودۆخەکە رێگر نەبێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ٩٩٪ـی کتێبەکان دەگەنە هەرێمی کوردستان".

باسی لەوەشکرد، ٢٦٤ کۆنتێنەری کەلوپەل گەیشتوونەتە پەروەردەی شارۆچکەکان و پرۆسەی چاککردنەوەی هەزاران مێزی قوتابخانەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکان بەردەوامە.

سەبارەت بە ریفۆرم لە کەرتی پەروەردە، ئالان حەمە سەعید جەختی لە پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی کردەوە لە رێگەی زیادکردنی پەیمانگا و ئامادەییە پیشەییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئینگلیزی لە ناوەندەکانی خوێندندا.

سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنیش، وتی، "نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ دابینکردنی نەوت، هەروەها رەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تری ئەو باڵەخانە نوێیانە".

وەزیری پەروەردە وتیشی، سبەینێ سێشەممە، مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە و پرۆسەیەکی فراوانی ڕاهێنان دەستپێدەکات، "بۆ ماوەی ١٩ رۆژ پرۆسەی راهێنان بەردەوام دەبێت، تیایدا هەر مامۆستایەک پێنج بۆ شەش رۆژ راهێنان لەسەر بابەتەکانی تەکنەلۆژیا، زیرەکی دەستکرد، ستراتیژی ژینگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان وەردەگرێت".

بۆ ئاسانکاری مامۆستایانیش، وەزارەت بڕیارێکی دەرکردووە، هەر مامۆستایەک نیشتەجێی دەرەوەی شار بێت، دەتوانێت لە نزیکترین قوتابخانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەشداری خولەکانی راهێنان بکات پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆد و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆیان.

لە بارەی جلوبەرگی خوێندنیش وتی: "دیزانینی جلوبەرگی خوێندکارانمان گۆڕیوە و نرخەکەشی هەرزانترە لە ساڵانی پێشوو، بۆ ئەوەش لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەک گرێبەستمان نەکردووە".













گەلەری