حزبە کوردستانییەکانی سنووری خانەقین پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیاری هەڵپەساردنی گردبوونەوە جەماوەرییەکەی شارەکە راگەیاند و داوا دەکەن سەرۆکایەتییەکانی عێراق بەدەم داواکارییە رەواکانی ناوچە کوردستانییەکانەوە بێن و سەرجەم دەستگیرکراوانیش ئازاد بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، لە راگەیەنراوێکدا کە ئاراستەی جەماوەری خانەقین، جەلەولا، سەعدیە، مەندەلی، قەرەتەپە و جەبارە کراوە، حزبە کوردستانییەکان پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ بڕیاری دەستەی سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەکە دەربڕی بۆ هەڵپەساردنی کاتیی چالاکییەکان، تا ئەو کاتەی شاندی نوێنەرایەتی خانەقین دەگاتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسە باڵاکان کۆدەبێتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕیاری هەڵپەساردنی گردبوونەوەکە
تەنیا لەپێناو پاراستنی ئارامی و گیانی هاوڵاتیاندایە، چونکە بەپێی زانیارییەکان،
رێوشوێنەکانی ئاسایش بۆ پاراستنی گردبوونەوەکە لە ئاستی پێویستدا نەبوون و مایەی دڵنیایی
نەبوون.
حزبە کوردستانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، جۆش و خرۆشی
خەڵک بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانییانەی ناوچەکە پەیامێکی روون بوو، کە پێشێلکردنی
مادەی ١٤٠ و فەرامۆشکردنی مافە دەستوورییەکان مەترسیی گەورەن. هەر بۆیە داوا لە
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەن بە زووترین کات بەدەم
داواکارییە رەواکانی خەڵکەوە بێن.
هاوکات، لە راگەیەنراوەکەدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی
هەموو دەستگیرکراوان کراوە و جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی گرتن بۆ کەسایەتییە
سیاسییەکان، چالاکوانان و گەنجان کراوەتەوە، چونکە وەک حزبەکان دەڵێن، بەشداریی ئەوان
تەنیا دەربڕینی داواکاری دەستووری بووە بە رێگەی ئاشتییانە و مەدەنی.
لە کۆتاییدا، حزبە کوردستانییەکانی خانەقین دووپاتی دەکەنەوە
کە سەرجەم رێگە دەستووری و یاساییەکان دەگرنەبەر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک و
پاراستنی ئارامیی ناوچەکە لە پێشینەی کارەکانیاندا دەبێت.