سەردێڕ:

ئاسایشی دهۆک تۆمەتى ئاژاوەنانەوە و تێکدانى دۆخى ئەمنى خستووەتە پاڵ پەیامنێرانى ئێن ئاڕ تى

PM:05:17:30/08/2026

908 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک نزیکەی حەوت مانگە لەلایەن پارتییەوە داخراون، بەڵام ئاسایشی دهۆک سکاڵای لەسەر دوو پەیامنێری ئێن ئاڕ تی تۆمارکرد و تۆمەتی ئاژاوەنانەوەی خستووەتە پاڵیان.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، ئاسایشی دهۆک بەهۆی چەند راپۆرتێکی تایبەت بە کێشەکانی بەنزین، غاز و خزمەتگوزارییەکان، سکاڵای لەسەر بڕیار نێروەیی و تائیف گۆران پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی تۆمارکرد، ئاسایش تۆمەتی تێکدانی بارودۆخی ئەمنی خستووەتە پاڵیان و ئاگاداریکردوونەتەوە، کە سبەینێ لە دادگای دهۆک ئامادەبن بۆ دادگاییکردنیان.

سکاڵاکان تایبەتن بە چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی ئەو پەیامنێرانە لەسەر کێشەکانی بەنزین، غاز و هەندێ پرسی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکان، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو دوو پەیامنێرە هیچ چالاکیەکیان نەبووە و لە شاشەی کەناڵەکەوە دەرنەکەوتوون، پێشتریش ئاسایشی پارتی کاری مەیدانی لێقەدەغەکردبوون.

ئەمە لەکاتێکدایە کە نزیکەی حەوت مانگە پارتی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک داخستووە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، دوای سێ مانگیش لە داخستنیان، نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی، داخستنی نوسینگەکانی کەناڵەکەی بە کارێکی نادروست دانابوو و جەختیکردبووەوە کە پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستاش نوسینگەکان بە داخراوی ماونەتەوە.














گەلەری