سەردێڕ:

پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە شەش مانگ زیندانی سزادرا

PM:04:20:30/08/2026

900 جار خوێندراوەتەوە

دادگایەکی عێراقی سزای شەش مانگ زیندانی بۆ کازم سەیادی، پەرلەمانتاری پێشوو دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی بە تاوانی دەستبڕین تۆمەتبار کرا، سەیادی پێشتر لەسەر هەمان دۆسیە و بە فەرمانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەستگیر کرابوو.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، بەگوێرەی میدیاكانی عێراق، دادگایەکی تایبەت بڕیاری سزای زیندانی بۆ کازم سەیادی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەرکرد، بەپێی بڕیارە دادوەرییەکە، سەیادی بە شەش مانگ زیندانی سزادراوە.

سزادانەكە دوای ئەوە هات كە لەلایەن دادگاوەتاوانبار کرا بە ئەنجامدانی کردەوەی "سەرانەسەندن و هەڕەشەکردن"، کە وەک پێشێلکارییەکی یاسایی گەورە لە قەڵەمدرا.

ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە دێت کە پێشتر هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی ڕاستەوخۆ و فەرمی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، کازم سەیادییان دەستگیر کردبوو.

پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای زنجیرەیەک سکاڵای یاسایی بوو کە لە دژی تۆمار کرابون، کە تێیاندا تۆمەتبار کرابوو بەوەی پلە و پێگەی خۆی بۆ مەرامی تایبەت و فشارخستنە سەر کەسانی تر بەکارهێناوە.

ئەوە لەكاتێكدایە هەر ئەمڕۆ دەستەی دەسپاکی عێراق بە تۆمەتی دەوڵەمەندبونی نایاسایی، سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ عەلی مەعارج بەهادلی بریکاری وەزارەتی نەوت و تەلال زەوبەعی پەرلەمانتاری پێشوو دەرکرد.

هەردوو سزادراوەکە بە کۆی گشتی بڕی ١٢٣ ملیار دینار غەرامە کراون و دەبێت ئەو پارانە بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێننەوە کە لە ڕێگەی گەندەڵی و هەڵاوسانی سامانەوە بەدەستیان هێناوە.













گەلەری