سەردێڕ:

لە بابل بە تۆمەتی گەندەڵی چوار کارمەندی کارەبا دەستگیر کران

PM:12:23:30/08/2026

836 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیى عێراق ڕایگەیاند، چوار فەرمانبەری وەزارەتی کارەبایان لە پارێزگای بابل دەستگیرکردووە، ئەو فەرمانبەرانە تۆمەتبارن بەوەی بە ئەنقەست زیانیان بە سەرمایە و بەرژەوەندیی شوێنی کارەکەیان گەیاندووە.


ئەمڕۆ ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، تیمی دەستپاکیی بابل دوای بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان لەسەر ونبوونی پێنج بڕەری خولیی کارەبا لە وێستگەیەکی پارێزگاکە و دوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر، چوونەتە وێستگەی کارەبای قەزای مەحاویل.

باسی لەوەشکرد، لەم پرۆسەیەدا چوار چاودێری وێستگەکە دەستگیرکران کە ئامێرەکان لەژێر بەرپرسیارێتیی ئەواندا بووە، تیمی لێکۆڵینەوە تۆمارەکانی ئامێرەکان و تۆماری سەردانیکردنیان دەستبەسەرداگرت و ئاشکرایانکرد کە نرخی ئەو بڕەرانەی کارەبا زۆر بەرزە.

وتیشی، دوای رێکخستنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، تۆمەتباران رادەستی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی حللە کران کە تایبەتە بە کێشەکانی دەستپاکی، دادوەر بەپێی ماددەی ٣٤٠ـی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری بەندکردنی بۆ ئەو چوار تۆمەتبارە دەرکرد.













گەلەری