سەردێڕ:

سەرۆکی کۆریای باکوور وەزیری بەرگری وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخسته‌وە

AM:09:17:30/08/2026

1124 جار خوێندراوەتەوە

کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە سەرکردایەتیی سەربازیی وڵاتەکەیدا کرد، کە دیارترینیان دوورخستنەوەی وەزیری بەرگری بووە.


ئه‌مڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمی کۆریا بڵاویکردەوە، بڕیارەکانی "رێکخستنەوەی پێکهاتەیی" لە میانی کۆبوونەوەیەکدا دراون، کە ڕۆژی شەممە بە سەرۆکایەتی کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریا بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نۆ کوانگ چۆڵ، وەزیری بەرگریی کۆریای باکور نەک هەر لە پۆستەکەی وەک وەزیری بەرگری دورخرایەوە، بەڵکو لە سەرکردایەتی پارتی دەسەڵاتدارانیش دابەزێندرا بۆ ئەوەی ببێتە "جێگری یەکەمی بەڕێوەبەری بەشی پیشەسازی تەقەمەنی".

کیم سۆنگ گی، بەڕێوەبەری مەکتەبی سیاسی گشتی سوپای گەلی کۆریا وەک وەزیری بەرگری نوێی کۆریا دەستنیشانکرا.

هەروەها پاک جۆنگ چون، ڕاوێژکاری بەرگری، وەک جێگری سەرۆکی ده‌سته‌ی سەربازیی ناوەندی پارتی دەسەڵاتدار و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتەکە دەستنیشانکرا، ئەوە جگە لە زنجیرەیەک پلە بەرزکردنەوەی دیکە.

لە ڕاپۆرتێکی جیادا، ئاژانسی هەواڵی ناوەندی كۆریای باكور رایگەیاندوە، کیم لە میانی مەراسیمێکدا کە ڕۆژی شەممە بەڕێوەچوو، ستایشی زانایان، توێژەران و بەرپرسانی کردووە، وەک رێزلێنانێک بۆ دەستکەوتەکانیان لە بواری تەکنەلۆژیای بەرگری، کە تێیدا بەرزترین ڕێزلێنانی نیشتمانییان پێبەخشرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵاتکراوەکان بەشدارییەکی بەرچاویان کردووە لە "چارەسەرکردنی کێشە زانستی و تەکنیکییەکانی گرنگی مێژویی لە بواری پەرەپێدانی سیستەمی نوێی چەکی شەڕکەردا"، بەبێ ئەوەی دیاریبکات کە ئەو کێشانە چین.

لە وێنەیەکدا کە ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت کە کیم مەدالیایەک بە کەسێک دەبەخشێت.

روونیشیكراوه‌ته‌وه‌، ناوەندی توێژینەوەی چەکی ویلایەتەکە "بەم دواییە تەکنەلۆژیای تایبەتی پەرەپێداوە کە پێشکەوتنێکی بەرچاوه‌ لە بەرزکردنەوەی توانای شەڕکردن"، بەبێ ئەوەی بچیتە ناو وردەکارییەکانەوە.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، ئەو تەکنەلۆژیایانە "رێڕەوی گەشەسەندنی ناوازەی توانا سەربازی و تەکنەلۆژییەکانی وڵاتەکەیان" نیشانداوە.













گەلەری