سەردێڕ:

حکومەتی سوریا زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتیمانی خستەناو پڕۆگرامی خوێندن

PM:10:07:27/08/2026

680 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی سوریا بڕیارێکی دەرکرد بۆ بەفەرمیکردنی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا، وەک زمانێکی نیشتیمانی لەو ناوچانەی کە ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوڵاتییانی کوردی تێدایە، بڕیارەکەش قۆناغەکانی خوێندن بەگشتی دەگرێتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە کە واژۆی محەمەد عەبدولڕەحمان ترکۆ، وەزیری پەروەردەی سوریای لەسەرە، خوێندنی زمانی کوردی دەبێتە بەشێک لە پرۆگرامی پەسەندکراوی خوێندن.

لە ڕێنماییەکاندا هاتووە، هەفتانە سێ وانە بۆ زمانی کوردی و یەک وانەش بۆ چالاکییەکان تەرخان دەکرێت، هەروەها نمرەکانیشی لەپاڵ زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی هەژمار دەکرێن و دەچنە ناو کۆنمرەی کۆتایی خوێندکارانەوە.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بۆ ئاسانکاریی قۆناغی گواستنەوە، تەنها لەم ساڵی خوێندندا خوێندکاران سەرپشک دەکرێن لە خوێندنی وانەکانی (کۆمەڵایەتی، مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) بە زمانی کوردی یان بە زمانی عەرەبی، هاوکات سەنتەری نیشتیمانی بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی پرۆگرامی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ سەرجەم قۆناغەکان.

سەبارەت بە دابینکردنی مامۆستاش، مەرجە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ یان پەیمانگا بن و شارەزایی تەواویان لە زمانی کوردیدا هەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکییەوە یەکلایی دەکرێتەوە. لە کاتی زۆر پێویستیشدا، هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی دەتوانن وانەکە بڵێنەوە ئەگەر شارەزای زمانەکە بن.













گەلەری