سەردێڕ:

بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا و کارمەندێکی پۆلیس کوژران

PM:01:23:27/08/2026

216 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک پێش ئێستا، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرک بۆ لابردنی خانووە زیادەڕەوەکان لە ناوچەی دۆڕەی شاری بەغدا، گرژی و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خاوەنی موڵکە زیادەڕەوەکان دروست بوو، و بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا و کارمەندێکی پۆلیس کوژران و چوار پۆلیسی تریش برینداربوون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتی، هێزێکی ئەمنی بۆ لابردنی خانوو و موڵکە زیادەڕەوەکان چووبوونە ناوچەی دۆڕە، بەڵام خاوەنی موڵکەکان بە توندوتیژی وەڵامیان داوەتەوە و دەستڕێژی گولـلەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە.

وتیشی، بەهۆی ئەو دەستڕێژی گولـلەیەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا لەگەڵ کارمەندێکی تر گیانیان لەدەست دا و چوار کارمەندی تری پۆلیسیش بریندار بوون.

لە ئێستادا، هێزێکی گەورەی ئەمنی ناوچەی دۆڕەیان بە تەواوی گەمارۆ داوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە.

هاوکات، ئەمانەی بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، "ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە دەستدرێژی دەکەنە سەر تیمەکانی دوورخستنەوە و بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین".













گەلەری