سەردێڕ:

بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن

PM:11:05:26/08/2026

960 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و "بارانی بنێشت شۆر" ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هاوکات هۆشداریش دەدات لە دروستبوونی هەورەبرووسکە و کەوتنەوەی ئاگر.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، سالار عەلی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، بەپێی نوێترین پێشبینییەکان، لە شەوی شەممەی داهاتووەوە (٢٩ـی ئاب) تاوەکو ڕۆژی دووشەممە (٣١ـی ئاب)، بارستە هەوایەکی شێدار ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
دەشڵێت، بەهۆیەوە ئەگەری نمەباران و بارانی سووک لە ناوچە شاخاوییەکان و بەشێک لە شارەکان هەیە، کە لەناو خەڵکدا بە بارانی "بنێشت شۆر" ناسراوە (مەبەست لێی شۆردنەوەی ئەو گڵ و قوڕەیە کە بۆ کۆکردنەوەی بنێشتی دارەبەن بەکاردەهێنرێت).
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلەدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکەن و لە هەندێک ناوچەدا هەورەبرووسکە دروست دەبێت. بڕیاریشە ڕۆژی سێشەممە (١ی ئەیلول) کاریگەریی ئەم شەپۆلە کۆتایی بێت.
 
هاوکات ئەو شارەزایەی کەشناسی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، زۆر ئاگاداری دروستبوونی هەورەبرووسکە بن، هەروەها هۆشداریش دەدات لە ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر پێش دەستپێکردنی بارانبارینەکە بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەواوە.












گەلەری