سەردێڕ:

سروە عەبدولواحید زانیاری نوێ لەسەر مووچە و بەنزین و پێکهێنانی حکومەت ئاشکرادەکات

PM:08:59:27/08/2026

904 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ژینگەی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دڵنیایی دراوە کە مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆران مسۆگەرە. دەشڵێت، "بەرپرسانی هەرێم شەڕی بەرژەوەندیی خۆیان و حیزبەکانیان دەکەن و بۆیە نایانەوێت بەنزین و نەوت لە بەغداوە بێت چونکە خۆیان لێی سودمەندن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق، لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دڵنیایی دراوە کە مووچەی ئەمساڵ مسۆگەرە و حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێک دەدات کێشە بۆ مووچە دروست نەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر گرنگە بەزووترین کات پڕۆژەیاسای بودجە بچێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، و ڕوونی کردەوە کە دواکەوتنی مووچە لە ئێستادا بەشێکی پەیوەندی بە هەرێم و هەندێکیشی بە بەغدادەوە هەیە.

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و قەیرانەکان، وەزیری ژینگە جەختی کردەوە کە بەرپرسانی هەرێم شەڕی بەرژەوەندیی خۆیان و حیزبەکانیان دەکەن، و بە بەغدایان وتووە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتمان پێدەن و حەقتان بە هەرێمەوە نەبێت، هەروەها ئەوان بۆیە نایانەوێت بەنزین و نەوت لە بەغداوە بێت چونکە خۆیان لێی سودمەندن.

باسی لەوەشکرد، داهاتی هەرێم زۆر زیاترە لە ١٢٠ ملیار دینار و بەغداش ئەو ڕاستییە دەزانێت، نەوەی نوێش لە پەرلەمان دەنگی بەرزکردەوە و واژۆی کۆکردەوە بۆ گرانی بەنزین لە هەرێم.

لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو باسی لەوە کرد کە عەلی زەیدی خاوەنی حزبی سیاسی نییە و بێباکە لەوەی لە داهاتوودا دەنگ دەهێنێت یان نا، و پێی وایە لە دامەزراندن و خەرجکردنی پارەی حکومەت هەڵەی گەورە کراوە و دەبێت گۆڕانکاریی گەورە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی وڵاتدا بکرێت.

ڕاشیگەیاند کە هیچ وەزیر و بەرپرسێک بۆی نییە گرێبەست واژۆ بکات هەتا نەگەڕێتەوە بۆ دیوانی چاودێری دارایی، و لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتدا گەندەڵی هەیە و ئەو مکوڕە لەسەر هەنگاوەکانی بۆ بنەبڕکردنی.

سەبارەت بە دۆخی دراوی عێراقیش، ئەوەی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی دراوی وڵات و لابردنی سێ سفرەکەی کراوە و پڕۆژەیەک هێنراوەتە ناو کۆبوونەوەکەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر نەدراوە، و باشترین چارەسەریش ئەوەیە کە پارەی کاش نەمێنێت و ببێت بە کارتی بانکی.

لە بواری ژینگەشدا، سروە عەبدولواحید ڕایگەیاند کە لە ماوەیەکی کەمدا هەنگاوی گرنگیان داوە و پێشتر دامەزراوەکان گوێیان بە ڕاپۆرت و بڕیارەکانی وەزارەتی ژینگە نەداوە بەڵام ئێستا وانییە، و لە دادگای فیدڕاڵییەوە داوایان کردووە ئەو شوێنە حکومییانەی ژینگە پیس دەکەن سزابدرێن، هەروەها یاسای ژینگە هەموار دەکەنەوە و سزای زیندانیکردن بۆ سەرپێچیکاران زیاد دەبن.

وتیشی، کە هاوپەیمانیی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی لەسەر بنەمای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمە، و هیوادارین پارتی بەخۆیدا بچێتەوە و سیاسەتی بگۆڕێت، چونکە پارتی دەیەوێت خۆی بەسەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت و لە سیاسەتدا برای گەورە بوونی نییە.













گەلەری