سەردێڕ:

ئێران و قەتەر رێڕەوێکی کاتی له‌ گه‌روی هورمز دادەمەزرێنن

PM:07:43:27/08/2026

720 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی قەتەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوه‌ته‌وه‌ و له‌باره‌ی پێشنیازی دامەزراندنی رێڕەوێکی کاتی له‌ گه‌روی هورمز گفتوگۆیان كردوه‌.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ عەباس عێراقچی کۆبوونەوە، هەردوو وەزیر تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچه‌كه‌ و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان کردوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گفتوگۆ.

لە بەیاننامەکەدە ئەوەش هاتووە، لە میانی گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و وەزیری قەتەر جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ و ئازادی کەشتیوانی کردەوە.

لایخۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پێزانینی وڵاتەکەی بۆ دەوڵەتی قەتەر دەربڕی و ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی کرد بە ئامانجی کەمکردنەوەی پەرەسەندن و پشتیوانیکردن لە ڕێگای وتوێژ.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان، قەتەر و عومان بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن.

بەدر بوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومانیش چەند ڕۆژ لەمەوبەر بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی گەروی هورمز سەردانی پایتەختی ئێرانی کرد.

سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند، ئێران و عومان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی رێڕەوی ئاوی و داهاتەکانی رێککەوتون، بەڵام دواتر سەرچاوەیەکی باڵای ئێران پشتڕاستی کردەوە کە هه‌ردوو وڵات هێشتا کار لەسەر وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە دەکەن.

 

 













گەلەری