سەردێڕ:

لەم ناوچەیە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران

PM:02:42:27/08/2026

860 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، بڕی ٤٧ ملیار و ٢٨ ملیۆن دینار وەک شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی پارێزگای کەرکوک، گەیشتە شارەکە و لە ئەمڕۆوە پڕۆسەی دابەشکردنی چەک و پێدانی پارە بە جووتیاران دەستپێکردەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٦، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتی، ئەم بڕە پارەیەی کە نێردراوە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی جووتیاران، بۆ ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٥)، و تا ئێستا هیچ جووتیارێکی عێراق و کەرکوک پارەی گەنمی ئەمساڵی وەرنەگرتووە.

وتیشی، سەرەڕای گەیشتنی ئەم پارەیە، هێشتا بەشێکی زۆری جووتیارانی سنووری پارێزگای کەرکوک شایستەی تریان، لەلای حکومەت ماوە و حکومەت قەرزاریانە، و چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەشەکانی تریش دابەش بکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی دابەشکردنی چک و وەرگرتنی پارە بۆ جووتیاران کە لە ئەمڕۆوە دەست پێ کردووە، لە هەفتەی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.

سۆران محەمەد – کەرکوک













گەلەری