سەردێڕ:

یەدەگی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق بەرزبووەوە

PM:04:23:13/12/2021

10948 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی باڵا لە بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، یەدەگی عێراق لە دراوی قورس لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار، دەشڵێت، "ئەمەش سودێکی زۆری دارایی بۆ عێراق دەبێت."


ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێکی باڵا لە بانکی ناوەندی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، یەدەگی دراوی قورسی عێراق لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەش بەهۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیهاندا، دەشڵێت، بەرزبوونەوەی یەکەی دراوی قورسی عێراق سودێکی زۆری دارایی بۆ وڵات دەبێت.

لەلایەن خۆیەوە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە سایەی سیاسەتی دارایی نوێی ئەمریکا بانکی ناوەندی عێراق سودێکی زۆر بەدەستدەهێنێت.

وتیشی، بەهۆکاری ئەوەی بانکی ناوەندی عێراق بەردەوام رێژەی یەدەگی لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی داهات زۆربێت و مەترسییەکانی سەر سیاسەتی دراوی عێراق کەمبێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو، لە کۆتایی ئەمساڵدا قەرزەکانی کوەیت لەسەر عێراق کۆتایی پێدێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی رێژەی یەدەگی دراو و گەشەی ئابووری لە وڵاتدا.













گەلەری