سەردێڕ:

تا ئێستا دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شارەكاندا دەستیپێنەکردووە

PM:09:47:12/01/2026

656 جار خوێندراوەتەوە

لەناو وەرزی زستانداین و تا ئێستا حكومەتی ماوەبەسەرچوو دەستینەكردووە بە دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شارەكاندا، هاوڵاتیانیش بەناچاری روویان لە کڕینی نەوتی بازرگانی کردووە بە نرخێکی زۆر.


سێ مانگی پایز تێپەڕی و نزیك دەبینەوە لە تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر وەرزی زستان دا بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی ماوەبەسەرچوو دەستی نەكردووە بە دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شارەكاندا.

نەوتفرۆشێكیش بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، رۆژانە هاوڵاتیەكی زۆر لەناو سەنتەری شارەكانەوە داوامان لێدەكەن نەوتیان بۆ ببەین و بێ ئومێد بون لەوەی حكومەتی ماوەبەسەرچوو نەوتیان پێ بدات، ئەگەر پێشیان بدات جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لەگەل نەوتی بازرگانیدا.

تاوەكو ئێستا هیچ وادەیەك نییە بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان لە سلێمانیدا.

گەرچی حكومەتی ماوەبەسەرچوو سێ هێندەی عێراق پارە لە هاوڵاتیان وەردەگرێت بۆ ٢٠٠ لیتر نەوت، بەڵام دابەشكردنی نەوت راگیراوە و لە سەنتەری شارەكان دابەشیناكات لە كاتێكدا لە عێراق دوو بەرمیل نەوت بە نزیكەی ٤٠ هەزار دابەشی كردووە بەسەر هاوڵاتیاندا.


هۆگر هەڵگورد - سلێمانی













گەلەری