وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ژمارەیەک خزمەتگوزاری لە ئەپڵیکەیشنی(ئی_هەڵسەنگاندن) بۆ ناوەندەکانی خوێندنی نا حکومی راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، قوتابخانە ناحکومییەکان دەتوانن سوود لە ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) وەربگرن، مامۆستایان و قوتابییان دەتوانن وەک هەر ناوەندێکی دیکەی حکومی بەکاری بهێنن (جگە لە بابەتی بەشی نمرەکان). دەتوانن بە چەند زمانێک لە خزمەتگوزاریەکان سوودمەند بن.
خزمەتگوزارییەکان بریتین لەمانە:
١- بەشی هەڵسەنگاندن: مامۆستا لەسەر حەوت ئاست هەڵسەنگاندن بۆ قوتابییان دەکات و بۆ بەخێوکارەکانیانی دەنێرێت.
٢- دیاریکردنی کاتی چاوپێکەوتن: لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە دەتوانرێت کات و ڕێککەوت دیاری بکرێت و بە شێوەی نۆتیفیکەیشن بۆ بەخێوکاری قوتابی دەچێت تاوەکوو سەردانی قوتابخانە بکات.
٣- بەشی خشتەکان: بەخێوکاران دەتوانن خشتەی هەفتانەی خوێندنی منداڵەکانیان ببینن، بەو مەرجەی قوتابخانەکە لە سیستمی (ئی-پەروەردە) داخڵی کردبێت.
٤- ئەرکی ماڵەوە، مامۆستا دەتوانێت ئەرکی ماڵەوە بۆ قوتابییان و بەخێوکاران بنێرێت و بە ناردنی وێنە و ڤیدیۆ، دەتوانرێت وێنەکان بکرێنە فایلی PDF یان لەرێگەی لینکێکی دەرەکییەوە بنێردرێن، بۆ ڤیدیۆش بە هەمان شێوە دەبێت.
٥- تاقیکردنەوەکان: مامۆستا دەتوانێت ئەنجامی تاقیکردنەوە کورتەکان (Quiz) یان تاقیکردنەوە ڕۆژانەکان بۆ قوتابییان و بەخێوکاران بنێرێت.
٦- بەشی وریاکەرەوەکان: بەڕێوەبەر و مامۆستایانی کەرتی حکوومی، قوتابییان و خێزانەکانیان دەتوانن لەم بەشەدا هەموو پەیامە فەرمییەکانی وەزارەت ببینن.
٧- پەیامی بەڕێوەبەر: بەڕێوەبەری باخچە یان قوتابخانە دەتوانێت بە نۆتیفیکەیشن پەیام بۆ مامۆستایان، قوتابییان و بەخێوکاران بنێرێت (بە کۆمەڵ یان بە جیا).
٨- بەدواداچوونی نووسراوە فەرمییەکان: باخچە و قوتابخانە ناحکوومییەکان دەتوانن لە کاتی ناردنی نووسراو بۆ پەروەردەی گشتی یان وەزارەت، لە ڕێگەی ژمارەی نووسراو و ژمارەی مۆبایلەکەیانەوە، ئاگاداری دۆخی بەدواداچوونی نووسراوەکە بن و هەموو جوڵەکان تا ئاستی واژۆی وەزیر ببینن.
٩- کتێبخانەی ئەلیکترۆنی: مامۆستایان و قوتابییان دەتوانن لەرێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە هەزاران کتێبی پەروەردەیی، زانستی و ئەدەبی بخوێننەوە.
١٠- ڕیزبەندی ناوەندەکان: ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی دەتوانن ڕیزبەندی هەموو ناوەندەکانی خوێندن ببینن.
١١- ئی-خێزان: سوود وەرگرتن لە بابەتەکانی (ئی-خێزان) کە ژمارەیەکی زۆر ڤیدیۆ و ڕێنمایی تایبەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی تێدایە.
١٢- ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی: مامۆستایانی کەرتی ناحکوومی دەتوانن سوود لە سەدان ڤیدیۆ، کتێب و ڕێگاکانی وانەوتنەوەی هاوچەرخ لە پلاتفۆرمی (ئی-ڕاهێنان) وەربگرن.
١٣- ڕاپرسی: ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی دەتوانن بەشدار بن لەو ڕاپرسییانەی سەبارەت بە پرسە پەروەردەیی و زانستییەکان لە ئەپڵیکەیشنەکەدا دادەنرێن.