سەردێڕ:

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئاکرێ کەسێک کوژرا

PM:09:05:12/01/2026

912 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ناحیەی بجیلی سەر بە ئاكرێ کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ كوژرا، لەبارەی رووداوەکەشەوە پۆلیسی ئاكرێ دەڵێت، بە هەڵە لەبەردەم ماڵی خۆیان كوژراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاكرێ بڵاویکردەوە، كاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گوندی نێروەی سەر بە ناحیەی بجیل لە رووداوێكی كوشتن ئاگادار كراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ زانینی رووداوەكە، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بجیل لەگەڵ تیمی بەڵگە و تاوان و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و فریاكەوتن، گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە دەركەوت، كە کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە هەڵە لەبەردەم دەرگای ماڵی خۆیان كوژراوە.

دەشڵێت، ئەو رووداوە لەكاتێكدا روویداوە، كە تۆمەتبارەکە، تەقەی كردووە و فیشەک بەر ئەو کچە کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری پارێزگای دهۆک کراوە و تۆمەتبارەکەش لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی بجیل و ئاکرێ دەستگیر کراوە و دەستیش بەسەر چەکەکەیدا گیراوە کە لە جۆری کڵاشینکۆف بووە.

روونیشی كردووەتەوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ و بەپێی ماددەی ٤١١ـی یاسای سزادان، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.













گەلەری