هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوانەی وەزارەتی بەرگریی سوپای عەرەبیی سوریا بڵاویدەکاتەوە، دوورە لە راستی و هەوڵێکە بۆ شێواندنی راستییەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی وەزارەتی بەرگریی سوپای عەرەبیی سوریا بڵاویدەکاتەوە لەبارەی هێرشەکانی هەسەدە بۆ سەر دێر حافر و مەسکەنە، هەسەدە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی وەزارەتی بەرگریی رەتکردەوە و بە هەوڵێک بۆ شێواندنی راستییەکان وەسف کرد و رایگەیاند، وەزارەتی بەرگریی و هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا هەوڵ دەدەن پەرە بە ئاڵۆزییەکانی سوریا بدەن.
ئاماژەی
بەوەشکرد، هێزەکانیان هیچ جموجوڵێکی سەربازییان لە دێرحافر و مەسکەنە نەکردووە، بۆیە
دەنگۆکانی وەزارەتی بەرگریی سوریا هیچ راستییەکی تیدانییە کە بانگەشەی ئەوە دەکات
هێزەکانمان لەو ناوچانە دەستیان بە جموجۆڵی سەربازیی کردووە، بەڵکو ئەوە هێزەکانی
سوپای عەرەبیی سوریایە کە لەو ناوچانە جوڵەی سەربازییان هەیە.
هەر لەو بەیاننامەیەدا،
هێزەکانی هەسەدە دووپاتی دەکاتەوە کە، ئەو دەنگۆیانەی وەزارەتی بەرگریی سوریا،
دووبارە تەنیا هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئاژاوە و ئاڵۆزیی زیاتر، هاوکات هەموو ئەگەری
دروستبوونی هەر پێکدادانێکی لەو ناوچەیەی خستە ئەستۆی وەزارەتی بەرگریی و سوپای عەرەبیی
سوریا.
هێزەکانی سووریای
دیموکرات، دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە پابەندە بە پرەنسیپی ئاگربەست، هەروەها پابەندە
بە گرتنە بەری هەر ڕێکارێکی خۆپارێزی و پاراستنی هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچانە.