بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و گلدەرەوەكانی وەزارەتی گشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلەكانی بەفر و بارانبارینەوە بەشێوەیەكی بەرچاو رێژەی ئاو لە هەرێم زیادی كردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، "بەنداوەكانی هەرێم زیادبوونێكی گەورەی لە رێژەی ئاو تۆمار كردووە بەهۆی دابارینی بەفر و باران بەشێوەیەكی چڕ".
ئاماژەی
بەوەشکرد، "داهاتی ئاوی هەرێمی كوردستان هێندە زۆربووە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی
رێژەی ئاوی گلدراوە كە دەتوانین رووبەڕووی وشكەساڵی ببینەوە و ئاوی پێویست بۆ
خواردنەوە و كشتوكاڵی دابین بكەین".
روونیشیكردەوە،
"هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان لەماوەی كەمتر لە مانگێك ٥٠٠ ملیۆن مەتر
سێجا ئاوی تێچووە و رێژەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر بەرزبووەتەوە و لە
بەنداوی دوكانیش نزیكەی چوار مەتر ئاو بەرزبووەتەوە".
وتیشی، ئاوی بەنداوی
سەرەكی دهۆك ٤١ سم زیادی كردووە واتا نزیكەی ملیۆنێك مەتر سێجا، هەروەها بەنداوە
بچووك و مامناوەندەكانی ناوچەكانی گەرمیان و سلێمانی و هەولێر و دهۆك زۆربەیان سەرڕێژبوونە،
لەگەڵ زیادبوونی رێژەی ئاو لەچەند رۆژی داهاتوودا هاوكات لەگەڵ توانەوەی بەفرەكان.