سەردێڕ:

کەشناسی جیاوازی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە

PM:05:14:11/01/2026

1008 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم رێژەی بارانبارینی ساڵی رابردوو و ئەمساڵی پارێزگاکانی هەرێمی ئاشکراکرد و بەپێی ئامارەکان ئەمساڵ لە دهۆک حەوت هێندەی ساڵی رابردوو بارانباریوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم بڕی بارانبارینی ئەمساڵ لە هەموو پارێزگاکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

وردەکاری ئامارەکان بەپێی شارەکان (بە ملم):

سلێمانی: بەرزترین رێژەی بارانبارینی ئەمساڵی تۆمارکردووە کە گەیشتووەتە٤٢٧،٧ملم، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تەنها ١٨٨ ملم باران باریبوو، واتە بڕی ٢٣٩،٦ملم زیادیکردووە.

هەڵەبجە: لە پلەی دووەم دێت بە ٣٦٧،٤ ملم، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ٢٤١ ملم باران باریبوو. جیاوازییەکە بریتییە لە ١٢٥،٨ ملم.

هەولێر: ئەمساڵ ٢٧٥ ملم بارانی لێ باریوە، کە بازدانێکی گەورەیە بەراورد بە پار ساڵ کە تەنها ٤٥،٨ ملم بوو. جیاوازییەکە گەیشتووەتە ٢٢٩،٢ملم.

دهۆک: ئەمساڵ ٢٤٣،٧ ملم بارانی لێ باریوە، لە کاتێکدا پار ساڵ کەمترین رێژەی بارانی هەبووە کە تەنها٣٤ملم بووە. جیاوازییەکە ٢٠٩،٦ملمە.

بەراوردکاری و تێبینییە سەرەکییەکان:

پارێزگای سلێمانی بە تۆمارکردنی ٤٢٧،٧ ملم، زۆرترین رێژەی بارانبارینی هەبووە و تەڕترین ناوچەی هەرێم بووە تاوەکو ئەم رێکەوتە.

پارێزگای دهۆک و هەولێر گۆڕانکاری گەورەیان بەخۆوە بینیوە و بە جۆرێک لە دهۆک ساڵی رابردوو لەم کاتەدا تەنها ٣٤ ملم بارانی لێ باریبوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە زیاتر لە حەوت هێندە زیادیکردووە.

پارێزگای هەڵەبجە کەمترین رێژەی جیاوازی بارانی هەبووە لە نێوان پار و ئەمساڵدا (١٢٥،٨ ملم)، چونکە ساڵی رابردووش رێژەیەکی باشی بارانی لێ باریبوو بەراورد بە شارەکانی تر.

ئەم داتایانە ئاماژەیەکی روونن بۆ باشتربوونی دۆخی ئاویی و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم وەرزە.













گەلەری