سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، دووپاتدەکەینەوە لە یەکخستنی ریزەکان و بێخەمی پێشان نەدان لە بەرامبەر شانەکانی "چەتە تیرۆریستییەکانی داعشدا".
یەحیا رەسول وتەبێژی فهرماندهى گشتی هێزه چهكدارهكانی عێراق لەسەر هێرشی شەوی رابردووی چەکدارانی داعش بۆسەر قەرەچوغ بەناوی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانەوە رایگەیاند، "بە بایەخی گەورەوە چاودێریی هێرشەکەیان کردووە."
دەشڵێت، "هێزەکانی پێشمەرگە لەنێو سیستەمی بەرگریی
نیشتمانیی عێراقدان و شانبەشانی برایانیان لە هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراق کاردەکەن
بۆ دابینکردنی ئاسایشی شار و ناوچە جیاوازەکان".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "داعش دوای ئەوەی گورزی گەورەیان
لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا بەرکەوت، بە شێوازی جیاواز هەوڵدەدەن کاری ناڕەوا ئەنجام
بدەن."
ئەوەش لەکاتێکدا، شەوی رابردوو، داعش هێرشیکردە سەر گوندی
خدرجیجەی سنوری قەرەچوغ و بەوتەی پارێزگاری هەولێر، ١٣ پێشمەرگە و هاوڵاتی شەهید
بوون و برینداریش هەیە.
بەیانی ئەمڕۆش، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، "خوێنی شەهیدانمان
بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێت باجێکی گەورە بدەن."
لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەى کوڵەجۆى گەرمیان
داعش هێرشیکردەسەر سەنگەرەکانى پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ هێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک
بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش
بریندار بوون.
لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی
داعش هێرشکرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی هێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەهید
بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
دوای ئەو هێرشانەش، وهزیری پێشمهرگه وتی، "دەبێت
هێزەکانمان چاوكراوهتربن و بهپلانی نوێی جهنگی سهنگهرهكانیان قایم بكهن."
گروپی چەکداری داعش لە ساڵی ٢٠١٤ توانییان دەست بەسەر
رووبەرێکی فراوان لە خاکی سوریا و عێراقدا بگرن، دواتر بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانی
نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی عێراق شکستپێهێنانی گروپەکەی لە خاکی عێراق
راگەیاند.