سەردێڕ:

لە ٢٠ رۆژدا نزیکەی چوار هەزار منداڵ لە راپەڕین تووشی پەتای وەرزی بوون

PM:01:21:22/11/2025

1800 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی رانیە ئامارێکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە تەنها لە ماوەی ٢٠ رۆژی رابردوودا، سێ هەزار و ٧٠٠ منداڵ لە راپەڕین سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.


ئەمڕۆ شەممە ٢٢ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، نەخۆشخانەی فێرکاری لەدایکبوون و منداڵان لە رانیە بڵاویکردەوە، پەتای وەرزی یەکێکە لە هەوکردنە ڤایرۆسییەکان و لەسەر ئاستی جیهان بە یەکێک لە بەربڵاوترین پەتاکان دادەنرێت، تەنها لەم مانگەدا تا ئێستا سێ هەزار و ٧٠٠ منداڵ سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی نەخۆشخانەکە، چەند توێژێکی کۆمەڵگە زیاتر مەترسی تووشبوونیان بەم پەتایە لەسەرە، ئەوانیش بریتین لە خانمانی دووگیان، منداڵانی تەمەن شەش مانگ تا پێنج ساڵ، کەسانی بەساڵاچووی سەروو تەمەن ٦٥ ساڵ، ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، هەروەها پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیش بەهۆی بەرکەوتنیانەوە لە ریزی پێشەوەی تووشبووانن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا رێنمایی هاووڵاتیان کراوە کە باشترین رێکاری خۆپارێزی دژی پەتای وەرزی بریتییە لە خۆکوتان بە ڤاکسینی دژە ئەنفلەوەنزا، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە گرنگی بە پاکوخاوێنی و شۆردنی دەستەکان بدرێت و لەکاتی کۆکە و پژمیندا دەم و لووت دابپۆشرێت، هەروەها پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە کەسی تووشبوو لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا لە ماڵەوە پشوو بدات، دووربکەوێتەوە لە تێکەڵاوبوون، دەست لە دەم و چاوی نەدات و گرنگی بە خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو و شلەمەنی و خواردنی میوە و سەوزە بدات، لەکاتی قورسبوونی نیشانەکانیشدا بەپەلە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.













گەلەری