سەردێڕ:

گەڕان بەدوای گەنجە ونبووەکەی کەلار دەستیپێکردووە

PM:12:50:22/11/2025

656 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی شەش رۆژە گەنجێک لە کەلار ونبووە و ئەمڕۆ له‌وشوێنه‌ ئاوییه‌ى کە گومانى لێده‌كرێت ونبووبێت، به‌دواى چاره‌نووسی گه‌نجه‌كه‌ى كه‌لاردا دەگەڕێن و غەواسێکیش دەڵێت، تا ئێستا ھیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە.


ئەمڕۆ شەممە ٢٢ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، گەڕان بەدوای گەنجە ونبووەکەی کەلار لەسەر رووباری سیروان و گۆمە ئاوەکان دەستیپێکردووە، باوکی ئەو گەنجەش رایگەیاند، داوا لە تیمەکان دەکەم زیاتر هاوکاربن لە دۆزینەوەی کورەکەم.

هاوکات زانای غەواس قسەی بۆ ئێن ئاڕ تی کرد و دەڵێت، "ئەو شوێنەی ماتۆڕەکەیان لێ دۆزیوەتەوە، چەند گۆمێکی لێیە و هەمووی گەڕاون، بەرد بە بەردی بنی دیارە، دڵنیام لە گۆمێکیاندا نییە، ئەوەی دیکەش گەڕاوین و دووبارەش دەگەڕێینەوە".

ئێوارەی رۆژی یەکشەممەى رابردوو، گەنجێک بەناوی مەھدی محەمەد، تەمەن ٢٥ ساڵ و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیا لە زانکۆی گەرمیان، لە ماڵ چووەتەدەر و تا ئێستا بێ سۆراغە.

دوو رۆژ دوای ونبوونی مەهدی، ماتۆڕەکەی لە نزیک کەلار دۆزراوەتەوە، ئەو جێگایەی ماتۆڕەکەی لێدۆزرایەوە، پرۆژەی ئاودێری لێیە و گومان دەکرێت کەوتبێتە ناو ئاوەکە، بۆیە ئەمڕۆ زانا بەکر کە بە زانای غەواس ناسراوە، لە قەزای تەقتەقـەوە چووەتە سەر رووباری سیروان، بەو هیوایەی سەرەداوێکیان دەستکەوێ.













گەلەری