سەردێڕ:

راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق زانیاری نوێ لە بارەی بودجەی ٢٠٢٢ ئاشکرا دەکات

AM:09:46:01/12/2021

7136 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری کاروباری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، یاسای بودجەی ٢٠٢٢ لەسەر بنەمای نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٠ دۆلار دانراوە، سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا بۆ سەرو ٨٠ دۆلار بەرزبووەوە.


مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری، بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاند، رەشنوسی یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو ئامادەیە و بۆ یەکەمجاریشە پلانی وەبەرھێنانی بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا بۆ ماوەی سێ ساڵ تیایدا جێگیرکراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکراوە بەشێوەیەک دواخستنی تێدانەبێت.
لەبارەی نرخی نەوتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، لە رەشنوسی یاسای بودجەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٥٠ دۆلار دانراوە، چونکە عێراق وڵاتێکە پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت و گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا کاریگەری لەسەری دادەنێت.
دەشڵێت، بەمەش کورتھێنان دانراوە بەشێوەی خەمڵاندن نەک حەقیقی، ئەمەش وادەکات داھاتێکی زیاتر بۆ حکومەت بمێنێتەوە و توشی کورتھێنان نابێت، ئەگەر نرخی نەوت زیاتر لە ٥٠ دۆلار دابەزی ئەوکات حکومەت دەتوانێت قەرزبکات.
لەبارەی ئەگەری قەرزکردن لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە، مەزھەر محەمەد ساڵح ئاشکرای کرد، لە ساڵی ٢٠٠٤ بەدواوە، لەھەموو پڕۆژە یاسایەکی بودجەی عێراقدا قەرزکردن بەشێوەی گریمانە جێگیرکراوە، ئەمەش تەنھا وەک خۆئامادەکردنێکە کاتێک بەشێوەی خەمڵاندن کورتھێنانی بودجە دەستنیشان دەکرێت، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانە ئەگەری قەرزکردنیش لەبەرچاو گیراوە، ئەمەش بەئامانجی ئەوەبووە کە دەسەڵاتدارانی دارایی ھەمیشە پشت بە بەرزی نرخی نەوت نەبەستن.
وتیشی، لە یاسای بودجەی ٢٠٢١دا بڕی ٢٩ ترلیۆن دینار وەک قەرزکردن نوسراوە، بەڵام لەراستیدا ھیچ بڕە پارەیەکیش قەرزنەکرا. بەڵام ئەگەر  ئەگەر حکومەت ناچار بەقەرزکردن بوو، ئەوا بۆ ئەوەی دەستکراوەبێت لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە بەھەردوو جۆری قەرزکردنی ناوخۆیی و دەرەکی.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی زنجیرە نوێیەکەی کۆرۆناوە و کاریگەری لەسەر کەرتی ئابوری وڵات، راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران بۆکاروباری ئابوری رەتی کردەوە کاریگەری زۆر لەسەر کەرتی ئابوری دابنێت و وتی، پێشتر جیھان کەرەنتینەکردن و داخستنی دەروازەکانی تاقیکردووەتەوە و کاریگەرییە خراپەکانیشی لەسەر کەرتی ئابوری و بازرگانی بینیوە، ھەربۆیە ئەمجارە بەھیچ شێوەیەک کەرەنتینەی گشتی و داخستنی تەواوی سنورەکان بەڕوی وڵاتاندا روونادات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار ئاماژە بەوەدرا، لەئەگەری پەسەند نەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، ئەوا بەشێوەیەکی راستەوخۆ کار بە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دەکرێت.












گەلەری