لەسەر رێگاى کەرکوک – سلێمانى، بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لەدەست دا و بووە هۆى پێکدادانى نۆ ئۆتۆمبێل و سێ کەسیش برینداربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، چاوگێک لە هاتووچۆی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی وت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگاى کەرکوک – سلێمانى، بە دیاریکراوی لە ناحیەی تەکیە بۆ سنووری چەمچەماڵ، بەهۆی کۆنترۆڵ لەدەستدانی بارهەڵگرێکەوە، پێکدادان لەنێوان نۆ ئۆتۆمبێل روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
وتیشی، تەندرووستی
بریندارەکان جێگیرە و برینەکەیان سووکە، شایەتحاڵێکیش بە ئێن ئاڕ تی وت، بەهۆی
رووداوەکەوە ئاستەنگی هاتووچۆ درووستبووە.
ئەو شایەتحاڵە
باسی لەوەشکرد، بارهەڵگرەکە سەرەتا ئۆتۆمبێلێکى تایبەتى داوەتە پێش خۆى و دواتر بە
پاسێکى داداوە و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کەوتووەتە ژێر پاسەکە و
ئۆتۆمبێلێکیش لەسەر پردێکى رێگاکە کەوتووەتە خوارەوە و چەند ئۆتۆمبێلێکى تریش
پەڕیونەتە لێوارى رێگاکە.
ئاماژەی بەوەشکرد،
لە رووداوەکەدا پاسەکە خوێندکاری تێدابووە و مەترسی لەسەر ژیانیان درووستکردووە.
جەختیشی کردەوە، نۆژەن نەکردنەوە و پشتگوێخستنی ئەو رێگایە لەلایەن حکومەتی
ماوەبەسەرچووەوە هۆکاری سەرەکی ئەم رووداوانەیە.