سەردێڕ:

لە رۆژی جیهانی مامۆستایاندا؛ مامۆستایانی وانەبێژی لادراو گردبوونەوە

AM:11:18:05/10/2025

472 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژی جیهانی مامۆستایاندا؛ جارێکی تر مامۆستایانی وانەبێژی لادراو لە سەرانسەری هەرێمەوە، لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان لە هەولێر گردبوونەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، رۆژی جیهانی مامۆستایانە و لە هەولێر جارێکی تر مامۆستایانی وانەبێژی لادراو لە شەقامی ٦٠ مەتری هەولێر گردبوونەوە، ژمارەیان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ مامۆستایە و لە ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠٢٤ لە پرۆسەی خوێندن لادراون.

مامۆستایانی لادراو بە ئێن ئاڕ تییان وت، دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەست بە کارەکانیان بکەن، بەڵام لەنێوانیان حکومەتی ماوەبەسەرچوو و وەزارەتی پەروەردەوە دەستی دەستییان پێدەکرێت و وەڵامێکی قەناعەت پێکەریان پێنادرێت.

وتیشیان، داواکارییەکانیان بریتییە لە دەکردنی فەرمانێکی گشتاندنی گشتی بۆ سەرجەم مامۆستاکان، لە کاتێکدا بە نادادپەروەرانە لە پیشەکانیان لادراون.

دەشڵین، لەجێدانان بە تەواوی رەت دەکەنەوە چونکە لەگەڵ داخوازی مامۆستایانی لادراو ناگونجێت و کاتێکی درێژخایەنی دەوێت، بەجۆرێک کە پێویست دەکات مامۆستایەکی گرێبەست بە هەر هۆکارێک لەسەر پیشەکەی نەمنێت، ئەوکاتە مامۆستایەکی لادراو دەچێتە شوێنەکەی.

جێی ئاماژەپێدانە، پێنجی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی مامۆستایانە، ئەو توێژەی ئەرکی پەروەردە و فێرکردنی کۆمەڵگای لەسەر شانە و کۆڵەکەی پیشکەوتنی هەموو ولاتێکە، بەڵام لێرە لە هەرێم لە سایەی حکومڕانی پارتی و یەکێتی، ماف خوراو کراون و تەنانەت شایستە داراییەکانیشیان وەک پێویست پێنادرێت.













گەلەری