سەردێڕ:

قەڵادزێ.. بەهۆی تەقینەوەی تی ئێن تییەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا

PM:03:08:21/07/2021

9252 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی راپەڕێن رایگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەگوندی سەید ئەحمەدی سەر بە قەزای قەڵادزێ، سێ کەس لەکاتی هەڵکەندنی بیردا ویستویانە (تی ئێن تی) بەکاربهێنن، بەڵام دەستبەجێ پیایاندا تەقیوەتەوە و بەوهۆیەشەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دووکەسی دیکەش بریندارن.



لەراگەیەندراوێکدا، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی راپەڕێن ئەوەی خستەڕوو، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی ( م . س . ح ) ە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ە و دانیشتووی گوندی سەیدئەحمەدە. هاوکات، دوو کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان کوڕی ئەو کەسەیە گیانی لەدەستداوە و تەمەنی هەشت ساڵانە، لەگەڵ مێردمنداڵێکی دیکەشدا کە تەمەنی ١٦ ساڵانە و وەک کرێکاری کاری بۆ ئەو کەسە کردووە کە گیانی لەدەستداوە.

 

لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکەشەوە، پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەکردووە، قوربانیەکان کاری هەڵکەندنی بیریانکردووە و لەکاتی کارکردن بۆ خاوەن باخێکدا (تی ئێن تی)یان بەکارهێناوە.

 

بەگوێرەی وتەی خاوەن باخەکەش، "ئەوانی بەکرێ گرتووە تا بیری دەستی بۆ هەڵکەنن، بەڵام لەناو بیرەکە گەیشتونەتە شاخ و ویستویانە بە سود وەرگرتن لە (تی ئێن تی) شاخەکە بشکێنن، بەڵام پیایاندا تەقیوەتەوە".


لەراگەیەندراوەکەشدا ئەوە خراوەتەڕوو، لەئێستادا باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.

 

نـ، غـ 













گەلەری