سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: رێکەوتن کراوە بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین لە هەرێم

PM:02:08:27/04/2024

4620 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان رێکەوتن لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا دەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێت، "پشتبەستن بە بانکەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بەبانکیکردنی مووچە کاتی کەمتری پێویستە و گرنگترە بۆ مووچەخۆران".


ئەمڕۆ شەممە، بڕیار رەشید پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەبانکیکردنی مووچە کاتێکی کەمی ماوە و بۆ ئەو مەبەستەش رێکەوتنێکی سەرەتایی لە نێوان بەغدا و هەرێم بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێداگیری لەسەر بانکە عێراقییەکان دەکرێتەوە چونکە بانکەکانی عێراق باوەڕپێکراوترن و کارتەکانیان لە هەموو ناوەندە ئابوورییە جیهانییەکان کاری پێدەکرێت. وتیشی، "ئەگەر بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بانکە عێراقییەکان دەتوانن سبەی دەست بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە بکەن چونکە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیان لایە".

باسی لەوەش کرد، بە مەبەستی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم، پێویستە هەنگاوی جدیی بنرێت بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەبانکیکردن و پابەندبوون بە سیستمی بانکی لە چوارچێوەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

لەلایکی دیکەشەوە جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوویان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، پێی راگەیاندوون، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و رەشید مووچەی مووچەخۆران دابەش بکرێت. وتیشی، "وەزیری دارایی عێراق هەژماری منی رەت کردووەتەوە و ئامادە نییە کاری پێ بکات".













گەلەری