سەردێڕ:

رۆژنامەنووسانی هەولێر: سەندیکا و سەرۆکی حکومەت پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامداین

PM:03:33:23/04/2024

2292 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە رۆژنامەنووسانی هەولێر رایانگەیاند، لەرۆژی رۆژنامەگەری كوردیدا، خودی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان پێشێلكاری بەرامبەر بە دەزگاكانی راگەیاندن كرد و رێگری كرد كە رووماڵی دیداری رۆژنامەنوسان بكرێت. دەشڵێن، "سەرۆكی حكومەت بەشدار بوو لەم پێشێلكارییە".


ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێك لە رۆژنامەنووسانی هەولێر بەهۆی رێگریکردن لێیان لە رووماڵی دیداری رۆژنامەنووسان لە رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا، راگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، "لەكاتێكدا سەندیكا بەفەرمی بانگهێشتنامەی ناردبوو، بەڵام لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەرۆکی حکومەتەوە پێشێلکاریمان بەرامبەر کرا و رێگریمان لێکرا".

ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە ساڵانی رابردوو زۆرترین رەخنە و گلەیی ئاراستەی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكرا لە بەرامبەر هەڕەشە و لێدان و دەستگیركردن و هەموو ئەو پێشێلكارییانەی دەكرا، بەڵام ئەمساڵ خودی سەندیكای رۆژنامەنوسان چووە پاڵ مەترسیەكانی سەر رۆژنامەنوسان و رەوایەتی بە هەموو پێشێلكارییەكان دا.

دەشڵێن، "ئەوەی سەندیكای رۆژنامەنووسان كردی جێگای مەترسیەكی زۆر گەورەیە".

ئەوەشیان خستووەتە روو، داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی وڵاتانی بیانی دەكەن، هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ گێڕانەوەی یاسا و كەمبوونەوەی پێشێلكارییەكان.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەشێک لە رۆژنامەنووسانی سۆران رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جیاوازیەکی زۆر لەنێوان رۆژنامەنووساندا دەکرێت، بەجۆرێک دەسەڵاتی ئەم دەڤەرە پێی وایە تەنها ئەوانەی لە دەزگاکانی خۆیان یان حزبی سەر بەدەسەلڵت کاردەکەن بۆیان هەیە کاری رۆژنامەوانی بکەن، بۆیە بڕیاریان داوە بایکۆتی چالاکییەکانی ساڵیادی رۆژنامەگەری بکەن.

باسیان لەوەش کردووە، "بەربەستەکان لەبەردەم کارەکانی ئێمەدا زۆرن و رۆژ بە رۆژ ئازادی کاری راگەیاندن بەرتەسکتر دەبێتەوە و رووبەڕووی گرفت دەبینەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. وتیشی، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".













گەلەری