سەردێڕ:

سودانی: نابێت خاکی عێراق بەکار بێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ

PM:04:56:22/04/2024

3572 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لەگەڵ تورکیا و قەتەر و ئیمارات یاداشتنامەیەکیان واژۆ کرد. دەشڵێت، " نابێت خاکی عێراق بەکار بێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ".


ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندییەکی نمونەییان لەگەڵ تورکیادا هەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنی جۆراوجۆریان لەگەڵ لایەنی تورکیادا واژۆ کردووە و یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی چوار لایەنە لەنێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات واژۆ کرا بۆ پەرەپێدانی رێگای گەشەپێدان.

ئەوەشی خستە روو، پابەندن بەوەی رێگە نەدەن هیچ هێزێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە و رێگە بە هیچ وڵاتێک نادەن دەستوەردان بکات لە کاروباری ناوخۆی عێراق.

وتیشی،" کاردەکەین بۆ ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی عێراق بەمەستی گەشتکردن و بازرگانی و وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی". 
هاوکات، سەبارەت بە یاداشتنامەکە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو یاداشتنامەیە هەر چوار وڵاتی عێراق و تورکیا و ئیمارات و قەتەر بە هەماهەنگی کار لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێداندا دەکەن بۆ پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەکە.

ئەوەش خراوەتە روو، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەوڵدان بۆ ئابوورییەکی بەردەوام لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، هەروەها کاردەکات بۆ ئاسانکردنی بازرگانی و دابینکردنی رێگایەکی نوێی گواستنەوە و باشترکردنی خزمەتگوزاری هەرێمی.


 













گەلەری