سەردێڕ:

تەندروستیی فەڵەستین: ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە ٣٤ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:05:52:20/04/2024

1028 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، ٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە. دەشڵێت، "لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا ٣٤ هەزار و ٤٩ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٦ هەزار و ٩٠١ کەسیش بریندار بوون".


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، ٣٤ هەزار و ٤٩ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٦ هەزار و ٩٠١ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر ٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٨ کەسیش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتە روو، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا، ٧٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٣١ کەسیش بریندار بوون.

هاوکات ئەمڕۆ، سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند، لە نزیکی کەمپی پەنابەرانی نور شەمس لە باکووری کەرتی غەززە، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکاندا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا چەکدارانی حەماس هەزاران مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد و لەبەرامبەریشدا ئیسڕائیل دەستی بە هێرشکردن بۆ سەر کەرتی غەززە کرد و بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارەی ناوچەی رەفەح لە باکوری کەرتی غەززە بوون و لە ئێستادا ئیسرائیل لە پلانیدایە هێرش بۆ سەر ناوچەی رەفەح دەست پێ بکات.













گەلەری