سەردێڕ:

سەفین دزەیی: ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت

PM:08:30:16/04/2024

2324 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆی و بەشێوەیەکی پاک و بێ گەرد بەڕێوەبچێت، وتیشی، پێویستە ئەم ساڵ هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکاش لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆی و بەشێوەیەکی پاک و بێ گەرد بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەت و پڕۆسەی دیموکراسی، پێویستە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق رایگەیاند، جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا و بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان دەکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

هاوکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام نەدرێت، ئەوا مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات.

مانگی شەشی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و فشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش لەسەر لایەنەکانی دەسەڵاتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.













گەلەری