سەردێڕ:

ناوی وانەبێژانی هەرێم بۆ دامەزراندن نێردرا بۆ بەغدا

PM:07:09:16/04/2024

19196 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری گشتی وانەبێژانی هەرێم رایگەیاند ناوی زیاتر لە ٣٧ هەزار وانەبێژ نێردراوە بۆ بەغدا بۆ دامەزراندن. بەپێی زانیارییەکان بەغدا داوای ناوی ئەو مامۆستایانەی کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی رەئووف مستەفا نوێنەری گشتی وانەبێژانی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە ناوی ٣٧ هەزار و ٧٠٠ وانەبێژی ناردوە بۆ بەغدا بۆ دامەزراندن.

باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا چاوەڕێی وەڵامی بەغدان بۆ دامەزراندنی ئەو وانەبێژانە.

پێشتر، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ ناردنی لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ تەواوی مووچەخۆراندا مووچەکانیان وەربگرن.

ماوەی چەندین ساڵە مامۆستایانی وانەبێژ گرفتیان هەیە و ساڵانە خۆپیشاندان دەکەن و باس لەوەدەکەن، مافەکانیان وەک مامۆستایانی دیکە نییە و تەنانەت لە سیستمی پێدانی مۆڵەتیشدا جیاوازیان دەکرێت. جگە لەوەی شایستە داراییەکانیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت. بە جۆرێک لەم هەفتەیەدا شایستە داراییەکانی مانگی ١ی ئەمساڵیان وەرگرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە،بەهۆی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی کاربەڕێکەر وا خۆی دەردەخات وەک ئەوی بیەوێت گرفتەکانی مامۆستایان و مووچەخۆران چارەسەر بکات. کە ئەوەش بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن.













گەلەری