سەردێڕ:

ئەمریکا بڕیاریدا هاوکارییە داراییەکانی بۆ عێراق زیاتر بکات

PM:06:33:16/04/2024

1044 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکادا هەردوولا پابەندی خۆیان دوپاتکردەوە بۆ بە بەردەوامیدان بە چاکسازی دارایی لە عێراق و بڕیاریاندا هاوکارییە داراییەکان نێوان هەردوو وڵات زیاتر بکەن.


شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق و شاندی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکایان ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی وزە و چاکسازی دارایی و پێکەشکردنی خزمەتگوزاری بە عێراق و بەهێزکردنی دیموکراسی کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا پابەندی خۆیان دوپاتکردەوە بۆ بە بەردەوامیدان بە چاکسازی دارایی لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگری کردن لە بەکارهێنانی کەرتی دارایی بەشێوەی نایاسایی.

هەروەها، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو وڵات بڕیاریاندا هاوکارییە داراییەکان نێوانیان زیاتر بکەن لەرێگەی بەرزکردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەشەوە، کۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا بڕیاریدا بە پێدانی بڕی ٥٠ ملیۆن دۆلار بە قەرز بە بانکی نیشتمانی عێراق، بە مەبەستی پێدانی قەرز بە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا کردەوە.













گەلەری