سەردێڕ:

کۆمسیۆن: هیچ گرفتێک لە ئامێرەکانی هەڵبژاردندا نییە

PM:02:48:16/04/2024

2076 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی بە تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان کرد و بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا و هیچ گرفتێک لە ئامێرەکاندا نییە.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئامانج عەزیز بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونی بۆ تاقیکردنەوەی سەرجەم ئامێرەکانی هەڵبژاردن ئەنجام درا.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەکە لە کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەکی ئەمڕۆ دەستی پێکرد و تا کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەکی نیوەڕۆ بەردەوام بوو، لەڕێگەی ئامێرەکانەوە دەنگدانی ئەزموونی ئەنجام درا و هیچ گرفتێک لە ئامێرەکانی هەڵبژاردندا نەبوو.

باسی لەوەش کرد، لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لە ٧٩ وێستگەی دەنگدان، پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونیی گشتی و تایبەت بە سەرکەوتووی و بەبێ گرفت بەڕێوە چوو. وتیشی، "چەند جارێکی دیکەش ئەو پڕۆسەیە دووبارە دەکەینەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکاندا نییە".

وتیشی، لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگدەر هەیە، کە ٧٥٪ـی بەشێوەی بایۆمێتری تۆمار کراون و کارتی بایۆمێتریان بۆ دروستکراوە.

ئەوەشی خستە روو، تا ٢٠ـی چوار فۆڕمی ئەلکترۆنی بوون بە کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان کارا دەبێت و هاوڵاتیان بە فەرمانبەران و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و خوێندکارانیشەوە دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگی شەشی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و فشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش لەسەر لایەنەکانی دەسەڵاتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.













گەلەری