سەردێڕ:

شاخەوان عەبدوڵڵا: پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ باشترکردنی ژیانی کەسوکاری ئەنفالکراوان

PM:12:52:16/04/2024

752 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەبەردەم لێپرسراوێتی یاسایی و ئەخلاقیدان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال، دەشڵێت، پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ باشتر کردنی ژیان و بژێویان.


شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە یادی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئێمە لەبەردەم لێپرسراوێتییەکی گەورەی یاسایی و ئەخلاقین بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال، لەوەی هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ چاککردنی بژێوی و مووچە و ژیانیان، هەروەها گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە و رووفاتەکانیان بدرێتەوە بە ئازیزانیان".

وتیشی، هاوتاکردنەوەی مووچەکانیان بە بەغدا و پێدانی ئیمتیازات بەشێکە لە داواکارییەکانیان.

لەبارەی مووچەشەوە باسی لەوەکرد، لە دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە بەشداری سەرجەم هێزە سیاسیەکان، تەکید لەسەر ئەوە کراوەتەوە و سودانی بەڵێنی داوە کێشەی مووچە چارەسەربکرێت و مووچە نەبێتە کێشە.

باسی لەوەش کردووە، "لەبەردەم شەرمەزارییەکی گەورەدا دەبین ئەگەر نەتوانین مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدەین".

شاخەوان عەبدوڵا لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمەوە ئەوەی خستەڕوو، کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت کە سەرجەم هێز و لایەنە سسیاسییەکانی تێدا بەشدار بن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوودا سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپییەوە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

هاوکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام نەدرێت، ئەوا مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات.













گەلەری