سەردێڕ:

چین ئەوانەی بەرگری جەستە بەرامبەر نەخۆشییەکان زیاد دەکەن؟

AM:10:04:16/04/2024

1900 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ماوەی ١٥ خولەک وەرزشکردن بەسە بۆ بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری جەستە، جگە لەوانەش باخداری و سەماکردن یەکێکی دیکەن لەوانەی بەرگری جەستە زیاد دەکەن.


بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی لە زانکۆی کالیفۆرنیا ئەنجامدراوە، وەک لە ماڵپەڕی "هێڵث لاین"دا هاتووە، ئەمە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی خانەی "بکوژی سروشتی" هەیە، کە جۆرێکە لە خڕۆکە سپییەکانی خوێن کە بەرەنگاریی هەوکردن و ڤایرۆس و خانە شێرپەنجەییەکان دەبنەوە.

ئەمە یەکەم توێژینەوە نییە کە وەرزشکردن بە ئاستی بەرزی خانە بکوژە سروشتییەکان لە خوێندا ببەستێتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی خانە بکوژە سروشتییەکان تەنها چەند خولەکێک دوای چالاکیی جەستەیی زیاد دەکات.

توێژینەوەکە ١٠ بەشداربووی لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ ٤٠ ساڵیدا لەخۆگرتبوو، هەر بەشداربوویەک رێنمایی درابوو کە پاسکیلێکی وەستاو بۆ ماوەی ٣٠ خولەک بە خێراییەکی مامناوەند لێبخوڕێت.

توێژەران پێش ئەوەی دەست بە پاسکیلسواری بکەن، نمونەی خوێنیان لە بەشداربووان وەرگرتووە، دووبارە دوای ١٥ خولەک و ٣٠ خولەک.

بۆیان دەرکەوت کە ئاستی خانە بکوژە سروشتیەکان دوای ١٥ خولەک لە سوڕانەوە بە پاسکیل زیاد دەکات، بەڵام دوای ٣٠ خولەک لە چالاکی بەردەوام نەبووە لە زیادبوون.

توێژەران دەڵێن: "ئەمە ئەوە پیشان دەدات کە وەرزشکردن بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ خولەک بە شێوەیەکی بەرچاو خانە بکوژە سروشتییەکان بەرز دەکاتەوە، کە رەنگە پارێزگارییەکی مانادار لە نەخۆشییەکان دابین بکات"، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئامانج ئەوەیە لە کاتی وەرزشکردندا هەست بە ئالەنگاری بکەیت نەک ماندوێتی.

هەندێک لە بژاردەکانی دیکەش بۆ بەرزکردنەوەی بەرگری جەستە بریتین لە رۆیشتن بە خێرایی، سەما، مەلەکردن، تێنس، پاسکیلسواری، باخداری، پەتپەتێن، سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکاندا و مەلەکردن.













گەلەری