سەردێڕ:

سێ مووچە فەوتاوەکەی ساڵی رابردوو دەدرێتەوە بە مووچەخۆرانی هەرێم؟

PM:10:40:15/04/2024

53200 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سەرجەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر کراون و سەبارەت بە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ دوای وردبینی کردن بە بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا، هەر مووچەیەکی نەدراو لە بودجەی ساڵانەی عێراقدا هەبێت چارەسەر دەکرێت و دەدرێتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، سەبهان مەلا جهیاد راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێ ئاڕ تی رایگەیاند، پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر کراوە و لەو بانکانەدا پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج دەکرێت کە حکومەتی عێراق لەگەڵیان رێکدەکەوێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ لە یاسای بودجەی عێراقدا دانراوە و دوای وردبینی کردن بە مووچەی ساڵانی رابردوودا، بەدڵیناییەوە ئەگەر هەر هەڵەتێک لە بودجەی ساڵانەی عێراقدا هەبێت دەبێت چاک بکرێت و بدرێتەوە.

ئەوەشی خستە روو، بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پێوستی بە مانگێک بۆ دوو مانگ زیاترە و تا ئەو کاتەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێم بە ئەلیکترۆنی دەکرێن، حکومەتی عێراق مووچەکانیان بە شێوەی کاش بۆ خەرج دەکات.

باسی لەوەش کرد، لە رێگەی هەر بانکێکی حکومی یان ئەهلییەوە لە هەرێم مووچەی مووچەخۆران دابەش دەکرێت و فەرمانبەرانی هەرێم سەرپشک کراون کە لە چی بانکێک مووچەکانیان وەردەگرن.

راشیگەیاند، پرسی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە یاسای بودجەی عێراقدا هەیە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، هەربۆیە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق دەست بە پلە بەرزکردنەوەیان دەکرێت.













گەلەری