سەردێڕ:

ساڵێک بەسەر شەڕی ناوخۆی سوداندا تێدەپەڕێت؛ دوایین پێشهاتەکان چین؟

PM:06:16:15/04/2024

708 جار خوێندراوەتەوە

دوای ساڵی بەسەر دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سودان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، ٢٥ ملیۆن کەس کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی سودانە، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە هەروەها هەشت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، ساڵێک بەسەر دەستپێکی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٣دا تێدەپەڕێت و شەرەکە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەروەها دروستوبوونی وەێرانی گەورە و برسێتی.

لە رۆژی ١٥ـی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ شەڕ و گرژی لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا بووە هۆی هەڵهاتنی دانیشتوانی شاری خەرتوومی پایتەختی سودان، هەروەها تاوەکو ئێستا بەهۆی گرژییەکانەوە زیاتر لە ١٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

دواتر لە رۆژی ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٣، هەردوو لایەنی ململانێکار لە دانوستانەکان گەیشتن بە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت رۆژ، بەڵام شەڕەکە نەوەستا و دوای ئاگربەست دووبارە گرژییەکان سەریان هەڵدایەوە.

هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لەوەی کە ساڵی ٢٠٢٤ ناوچە جێناکۆکەکانی سودان رووبەرووی بارودۆخێکی سەختی برسێتی دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ٢٥ ملیۆن کەس کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی سودانە، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە کە لەناویاندا ١٤ ملیۆنیان منداڵن.

ئەوەشی خستە روو، ١٧ ملیۆن کەس لە ناوخۆی سوداندا رووبەرووی ناتەندروستی خۆراک دەبنەوە و هەروەها هەشت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

شارەزایانی ئابووریش زیانەکانی شەڕی ناوخۆی سودان بە ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنن و هۆشداری ئەوە دەدەن بەردەوامبوونی شەڕەکە دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوەتی داهاتی دارایی گشتی.













گەلەری