سەردێڕ:

شەوی رابردوو لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا چی روویدا؟

AM:08:23:14/04/2024

17992 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو، سوپای پاسداران بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتریش لە لوبنانەوە چەند موشەکێکی دیکە ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کران و سوپای ئیسرائیل خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.


درەنگانی شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران و حزیبوڵای لوبنان بە دەیان موشەک ئیسرائیلیان کردە ئامانج و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەدەنەوە.

بەهۆی هێرشەکانەوە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی دەستپێکی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم داخران. لەو بارەیەشەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، بەمەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاوڵاتیان سەرجەم گەشتەکان راگیراون، هاوکات، وڵاتانی ئوردن لوبنانیش ئاسمانیان داخست.

لەوبارەیەشەوە، چاوگێک لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دڵنیاییان پێدراوە کە بە هیچ جۆرێک خاکی عێراق ناکرێتە ئامانجی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

لەوبارەیەشەوە، دانیال هەگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەوەی کە لە شەوی ١٣ـی نیسان روویدا پێچەوانەی خواستەکانیان بووە بۆ ئاگربەست لە ناوچەکەدا کە بڕیاربوو لەگەڵ ئەنجوومەی ئاسایش تاوتوێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی روویدا وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هێرشەکەی سەر باڵۆزخانەی ئێران لە خاکی سوریا، بەڵام هەڵەیەکی گەورەیان کردووە بە وەڵامدانەوە و دروستکردنی مەترسی بۆسەر گیانی ئیسرائیلییەکان. وتیشی، " بەهەماهەنگی هاوپەیمانەکانمان بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین و رێگە نادەین هیچ مەترسیەک بگاتە ناو خاکی ئیسرائیل، وەڵامیشمان دەبێت لە کاتی گونجاودا".













گەلەری