سەردێڕ:

ئیسرائیل: لەگەڵ هاوپەمانانمان بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین

AM:03:34:14/04/2024

1608 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی سوپای ئیسرایل رایگەیاند، ئەوەی روویدا دەبێتە هۆی فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کە پێچەوانەی خواستەکانیان بووە بۆ ئاگربەست ، لەبەرامبەر ئەو پێشێلکاریەش بێدەنگ نابن. دەشڵێت، " لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانەکانماندا خاکەکەمان و گەلەکەمان لە سەرجەم مەترسییە دەرەکییەکان دەپارێزین".


ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیال هەگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەوەی کە لە شەوی ١٣ـی نیسان روویدا پێچەوانەی خواستەکانیان بووە بۆ ئاگربەست لە ناوچەکەدا کە بڕیاربوو لەگەڵ ئەنجوومەی ئاسایش تاوتوێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی روویدا وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هێرشەکەی سەر باڵۆزخانەی ئێران لە خاکی سوریا، بەڵام هەڵەیەکی گەورەیان کردووە بە وەڵامدانەوە و دروستکردنی مەترسی بۆسەر گیانی ئیسرائیلییەکان. وتیشی، " بەهەماهەنگی هاوپەیمانەکانمان بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین و رێگە نادەین هیچ مەترسیەک بگاتە ناو خاکی ئیسرائیل، وەڵامیشمان دەبێت لە کاتی گونجاودا".

باسی لەوەش کرد، چەندین مووشەک ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل کرابوون بەڵام سەرجەمیان تێکشێکندران، تەنها پاشماوەی چەند مووشەک و درۆنێک کەوتوونەتە ناو خاکی ئیسرائیل کە بەهۆیەوە منداڵێکی ١٠ ساڵان بە سووکی برینداربووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پاش تێپەڕبوونی دوو هەفتە شەوی ١٣ـی نیسان ئێران بە بەکارهێنانی ٤١٨ درۆن و چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئاسمانی ئیسرائیل، و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن کە دەکرێتە سەریان. هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، "بۆ هەر هێرشیکی ئێران وەڵاممان دەبێت".













گەلەری