سەردێڕ:

ناتانیاهۆ: کاتێک دیاریکراوە بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح

PM:05:11:09/04/2024

1212 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کاتێک دیاریکراوە بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، "ئەنجامدانی ئەو هێرشە زیان بە ئاسایشی ئیسرائیل دەگەیەنێت".


ئەمڕۆ سێشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی تەواوە بەسەر حەماسدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکەوتن بەسەر حەماس پێویستی بەوەیە بچنە نێو رەفەحەوە و کۆتایی بە چەکدارانی حەماس بهێنن.

لای خۆیەوە ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح قوربانی زۆری مرۆیی لێدەکەوێتەوە و زیانیش بە ئاسایشی ئیسرائیل دەگەیەنێت.

هاوکات، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە روو، لەلایەن میسر و ئەمەریکاوە رەشنووسی ئاگربەستی ئیسرائیلیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام رەشنووسەکە بەهیچ جۆرێک داواکاری فەڵەستینییەکانی تێدا نییە، هەربۆیە رەتی دەکەنەوە.

شاری رەفەح دەکەوێتە باشووری غەززە و لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ناوچەکانی تری غەززە هەڵاتوون بۆ ئەو شارە و وەکو پەناگەیەک بەکاری دەهێنن.













گەلەری