سەردێڕ:

ناتانیاهۆ پلانی چوونی سوپای ئیسرائیل بۆ ناو خاکی رەفەح پەسەند دەکات

PM:11:56:31/03/2024

1876 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل رایگەیاند، پلانی چوونە ناو رەفەحیان پەسەند کردووە و بەبێ چوونە ژوورەوەی سوپای ئیسڕائیل بۆ ناو خاکی رەفەح ناتوانن بەسەر چەکدارانی حەماسدا سەربکەون.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەبێ چوونە ژوورەوەی سوپای ئیسڕائیل بۆ ناو خاکی رەفەح ناتوانن بەسەر چەکدارانی حەماسدا سەربکەون.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەمەبەستی سەرکەوتن بەسەر چەکدارانی حەماسدا، پلانی چونە ناو رەفەحیان پەسەند کردووە و سەرباری هەموو فشارەکان دەچنە ناو رەفەحەوە.

ئەوەشی خستە روو، سەرجەم دیلەکانی ژێر دەستی حەماس رزگار دەکەن ئەگەر چی بە زیندوویی بێت یاخود بە مردوویی. دەشڵێت، "پێویستە بە هێمنیەوە دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی دیلەکان ئەنجام بدرێت و پێویستە هەوڵبدەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن".

پێشتر، چەندین بەرپرسی باڵای ئیسرائیل باسیان لەوە کرد، ئامادەکارییان کردووە بۆ داگیرکردنی رەفح و لەناوبردنی چەکدارانی حەماس لە ناوچەکە.

مانگی رابردوو، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپا کردووە پلانێک دابڕێژن بۆ چۆڵکردنی رەفح و لەناوبردنی چەکدارانی حەماس لەو ناوچەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئیستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستین لە ناوچەی رەفحدا دەژین و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵاتانی جیهان هۆشداری ئەوە دەدەن، هێرش کردن بۆ سەر ناوچەی رەفح لەلایەن ئیسڕائیلەوە کارەساتی گەورە دەخولقێنێت.

لە ٧ــی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەری هەڵداوە، لە ئێستاشدا بەهۆی مانگی رەمەزانەوە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چڕتر بوونەتەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.













گەلەری