سەردێڕ:

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە؛ جوتیارانی عێراق پەنا دەبەنەبەر چاندنی درەختێکی نوێ جگە لە خورما

PM:11:50:29/03/2024

3200 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواوە، جوتیارانی عێراق وردە وردە پشت لە چاندنى دارخورما دەکەن و روودەکەنە چاندنى درەختى سدر کە لە خێزانی مزرەمەنییەکانە و ئاوێکى کەمترى دەوێت و زووتریش دێتە بەرهەم، هاوکات توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ ژینگەی نوێی عێراقدا هەیە.


درەختی سدر کە پێشی دەوترێت نەبەک، درەختێکی رۆژهەڵاتیی هەمیشە سەوزە، لە خێزانی مزرەمەنییەکانە و لە رواڵەتدا لە مزرەسێو دەچێت، ئەم میوەیە بەوە جێگەی خۆی لە دڵی جوتیارانی عێراق کردووەتەوە کە پێویستی بە بڕێکی زۆر کەم ئاو هەیە و دەتوانرێت بە ئاوی سوێری ژێرزەویش ئاوبدرێت.

جوتیارانی عێراق دەڵێن، هەرچەندە قورسە بۆیان پشت بکەنە ئەو باخە دارخورمایانەی کە ماوەی چەندین ساڵە خزمەتیان دەکەن و بوون بە مۆرکی کشتوکاڵی نیشتیمانەکەیان، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە بازرگانی خورما رووی لە کەمی کردووە، هەربۆیە دەستیان داوەتە رواندنی ئەم درەختە.

درەختە نوێیەکە جگە لەوەى بەراورد بە خورما پێویستی بە بڕێکی کەمتر لە ئاو هەیە، لە دوو ساڵیشدا دێتە بەرهەم. لە کاتێکدا کە خورما پێنج ساڵی دەوێت هەتاکو یەکەم بەرهەمی پێدەگات. جوتیارەکان دەشڵێن، خورماکانیان بە گشتی و لە باشترین حاڵەتدا نرخی کیلۆیەکی دەگاتە چوار هەزار دینار بەڵام بەری درەختە نوێیەکە کیلۆیەکی لە پێنج هەزارەوە دەستپێدەکات تا هەشت هەزار دینار.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەى چەند ساڵێکە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان، تەنگی بە عێراق هەڵچنیوە بەوەش جوتیارەکان خۆیان بەدوور دەگرن لەو کشتوکاڵانەى کە ئاوی زۆریان پێویستە لەوانەش برنج و خورما، ناشزانرێت درەختی سدریش هەتاکو کەی دەتوانێت خۆی لەبەرامبەر کاریگەرییە توندەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتی دوو رووبارەکەدا رابگرێت.













گەلەری