سەردێڕ:

ئایا خواردنەوە گازییەکان لە کاتی بەربانگ بخورێنەوە دەبنەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان؟

PM:03:28:29/03/2024

1316 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە خەڵکی واڕاهاتوون لە کاتی بەربانگ و نانی ئێوارەدا بڕێکی زۆر لە خواردنەوە گازییەکان دەخۆنەوە، پسپۆڕان رایدەگەیەنن ئەگەرچی ئەم خووە خراپە بەڵام بە یەکجاری نابنە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان بەڵکو بە گشتیی زیان بە جەستە دەگەیەنن.


ماڵپەڕی جەزیرە لە بابەتێکی تەندروستیدا نوسیوویەتی، لە کاتی بەربانگ و خواردنی ئێوارەدا نابێت خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە رەنگدارەکان بخورێنەوە، چونکە جەستە بە درێژایی رۆژ هیچ خواردنەوەیەکی وەرنەگرتووە و گورچیلە تاڕاددەیەک وشکبووەتەوە، لە پڕ ئەو خواردنەوانە بخورێنەوە زیان نەک بە گورچیلە بە ئەندامەکانی تری جەستە دەگەیەنن.

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان خواردنەوە گازییەکان و لەکارکەوتنی گورچیلەکان، پسپۆرانی خۆراک ئاماژە بەوەدەکەن خواردنەوە گازییەکان لە کاتی بەربانگ یان نانی ئێوارەدا بخورێنەوە نابنە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان بەڵکو وەک هەر ئەندامێکی تری جەستە بەهۆی ئەو خواردنەوانە زیانیان پێدەگات.

بەگوێرەی پسپۆران واباشترە، لەبری ئەو خواردنەوانە ئاو یان هەنگوین یان میوە وشککراوەکان وەک هەنجیر و مێوژ یان شەربەتی فرێش بخورێتەوە.

بە گشتیی زیانەکانی خواردنەوە گازییەکان بۆ جەستە بریتین لە:

یەکەم: زیادبوونی هەستی برسێتی

دووەم: کۆبوونەوەی چەوری لە جەستەدا.

سێیەم: زیادبوونی ئەگەری زیادبوونی کێشی جەستە.

چوارەم: لاوازبوونی تۆوی پیاوان.

پێنجەم: زیادبوونی ئەگەری مردنی پێشوەختە.

شەشەم: زیان گەیاندن بە تەندروستیی ددانەکان.

حەوتەم: زیادبوونی مەترسی توشبوون بە خڵەفان و جەڵتەی مێشک.













گەلەری