سەردێڕ:

بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی؛ حکومەتی عێراق چەند رێکارێکی نوێ دەگرێتە بەر

PM:11:50:28/03/2024

2460 جار خوێندراوەتەوە

دروستبوونی قەرەباڵغی لەنێو شەقامی شارە گەورەکانی عێراق بەگشتی و بەغدا بەتایبەتی، حکومەتی ناچارکردووە رێکاری نوێ بگرنەبەر، ئەوەش لە رێگەی بڕیاری دیاریکردنی کاتی دەوامی دامودەزگاکانی دەوڵەت.


بەپێی بڕیارەکانیش کە ئەزموونی دەبن و لەدوای جەژنی رەمەزانەوە بۆ ماوەی سێ مانگ جێبەجێ دەکرێن، کاتی دەوامی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت و زانکۆ و خوێندنگاکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، هەروەها باجی سەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل زیاتر دەکرێن و پردی نوێش بۆ پیادە بونیاد دەنرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا، هەندێک لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی دەوامی کارمەندەکانیان لە کاتژمێر حەوت بەیانی دەست پێدەکات، هەندێکی دیکەش لە کاتژمێر هەشت یان نۆ یان کاتژمێر ١٠ـی بەیانی دەست پێدەکات.

سەبارەت بە کۆتایی کاتی دەوامیش، ئەوا بەپێی کاتژمێرەکانی کارکردن دەبێت ، کە حەوت کاتژمێرە و لەنێوان کاتژمێر دوو تا چواری پاش نیوەڕۆدایە.

هەر بەپێی رێکار و بڕیارە نوێیەکان رێگە بە زانکۆکان دراوە گۆڕانکاریی لە رۆژانی پشوویاندا بکەن، بەشێوەیەک لە نێوان کۆلێژ و بەشەکاندا رۆژەکان جیاواز بن.

هەروەها وەزارەت و دامودەزگا حکومییە جیاوازەکان پابەند دەکرێن بە گواستنەوەی لانی کەم٣٠٪ـی فەرمانبەرانیان لە رێگەی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییەوە، ژمارەیەک پردی پیادەی نوێش بۆ پەڕینەوەی هاوڵاتیان لەنزیک کۆلێژ و نەخۆشخانەکان.

وەک هەوڵێکیش بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی هاتوچۆ، دەستگێڕ و عەرەبانەی فرۆشیارەکان لەسەر شۆستە و شەقامە سەرەکییەکان لادەبرێن.

رێکارە نوێیەکانی حکومەت کاردانەوەی ئەرێنییان لێکەوتەوە و شارەزایانی کاروباری ناوخۆی عێراق پێیان وایە، قەیرانی هاتوچۆ و گواستنەوە لە شارێکی وەک بەغدا بە رێژەی ٥٠٪ کەمدەکاتەوە کە لەو ژمارەیە دانیشتوانەکەی گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس، هەروەها کاتژمێرەکانی مانەوەی شۆفێر و سەرنشینەکان لەشەقامەکان کەمدەکاتەوە.













گەلەری