سەردێڕ:

دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوون لە کەرتی غەززە

PM:09:13:28/03/2024

852 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بۆ ٣٢ هەزار و ٥٥٢ کەس بەرز بووەتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، " بەهۆی رێگریکردن لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، لەلایەن ھێزەکانی سوپای ئیسرائیلەوە شەش کۆمەڵکوژی دیکە دژ بە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامدراون و بەهۆیەوە ٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩١ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەوپێیە ئاماری گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا گەیشتە ٣٢ هەزار و ٥٥٢ کەس، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٧٤ ھەزار و ٩٨٠ کەس.

هاوکات، نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھەماھەنگیی ھاوکارییە مرۆییەکان رایگەیاند، بەھۆی رێگرتن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس لە غەززە بە دەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

ئەوەشی خستە روو، جگە لە رێگای وشکانی، ھیچ رێگایەکی دیکە نییە بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە بە تایبەتی لە ناوچەکانی باکووری غەززە.

لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە عەززە بەردەوامە و لە سەرەتای هاتنی مانگی رەمەزانیشەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەوڵی راگەیاندنی ئاگربەستدان بەپێی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی کەرتی غەززە مسوڵمانن و لە دۆخێکی سەختدان.














گەلەری