سەردێڕ:

ئەمریکا بۆ ئیسرائیل: پاراستنی خەڵکی مەدەنی فەڵەستین پێویستییەکی ئەخلاقییە

PM:08:22:26/03/2024

1056 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، کەرتی غەززە لە ئێستادا لە دۆخی کارەساتی مرۆییدایە و پاراستنی خەڵکی مەدەنی فەڵەستین لە زیانەکان پێویستییەکی ئەخلاقییە.


ئەمڕۆ سێشەممە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یوئاف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، کەرتی غەززە لە ئێستادا لە دۆخی کارەساتی مرۆییدایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاراستنی خەڵکی مەدەنی فەڵەستین لە زیانەکان پێویستییەکی ئەخلاقی و ستراتیژییە.

کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری بەرگری ئەمریکا و ئیسڕائیل لەکاتێکدایە، دوێنێ نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی بەکارنەهێنانی ڤیتۆی واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارنامەی ئاگربەستی خێرا لە غەززە، ناتانیاهۆ بڕیاری دا سەردانی ئەو شاندە هەڵبوەشێنێتەوە کە بڕیاربوو لەسەر داوای جۆ بایدن رەوانەی ئەمریکا بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە ئەنجامدا و تێیدا بڕیار لەسەر پەسەندکردنی رەشنووسی یاسای ئاگربەستی غەززە درا.

راگەیاندنی ئەو ئاگربەستە لە کاتێکدایە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە عەززە بەردەوامە و لە سەرەتای هاتنی مانگی رەمەزانیشەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەوڵی راگەیاندنی ئاگربەستدان بەپێی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی کەرتی غەززە مسوڵمانن و لە دۆخێکی سەختدان.













گەلەری